ناوەڕۆکی وتار
زاگرۆس نانەكەلی
دەمێكە وویستم ئەم ستوونە وەرزشییە بنووسم،بیرۆكەكە لە هزرم بوو،بەڵام لەبەر ئەوەی ووشەی (درۆ) ی تیابوو،هەستم دەكرد قورسە نووسینی، لەكوردەواری دەمێكە ووتوویانە ( لەپاش مردووان درۆ زۆر دەكرێ)،بەڵام بەهۆی سەردەمی جیهانگیری وپێشكەوتنی تەكنەلۆژیا،كورد لەپێش مردوو و پاش مردووش هیچ ناگێڕتەوە!.
میللەتانی جیهان بیر لەوە دەكەنەوە،شاكارەكانیان بۆ سەر زمانەكانی جیهان وەبگێڕن،تا میللەتی خۆیان لەنێو جیهان بناسرێن و شاكارە جۆراوجۆرەكانی خۆشیان ئاشنای میللەتانی جیهان بكەن، جیهانیش ئاگادار وئاشنای میللەت وشاكارەكانی ئەوان بێت.
گەر شاكارەكانی میدیاكاری وەرزشی كوردی وەربگێڕین بۆ سەر زمانەكانی جیهان چی روودەدات؟، شرۆڤەكارەكانی كۆپی پەیست و شاكاری شەوانی موحەلیلی بێ تەحلیل ،لێدوانەچییەكانی بێ سەرچاو و فێیكەكان،دیمانە بەداوەتەكانی، بەرنامە بێ بەرنامەكانی،ئامادەكردنی بێ ئامادەكانی،یانیش بەرنامە چەند بارەبووەكانی لەناوەڕۆك ومیوانەكانی،خاوەن بەرنامە میوانەكان لە هاوئاوازەكانی وەدەگرێت ومیوانەكەش لەهەموو بەرنامەیەك دەڵێ : ئەم بەرنامە بەرنامەیەكی جیاواز بوو،وا هەست دەكەن ئێمە نەدەبینین ونەدەبیستین!،یاخود بە پاڵەوانكردنی چەند موهەڕیجێكی هەگبە بەتاڵی خاوەن زۆرترین (هین و مین) و فەرامۆشكردنی پاڵەوانە ڕاستەقینەكان.
دەبێت لەم ستوونەم گەر درێژ دادڕیشبم،هۆكارەكان وچارەسەرییەكان باس بكەن،هۆكارەكان زۆرن و لەوانە:-
*نەبوونی دەزگای باوەڕ پێكراو و سەرچاوەیەك یاخود تۆڕێكی میدیای وەرزشی كوردی سەربەخۆ كە بتوانێ ببێتە دەزگای فەرمی وڵات، میدیاكارانی وەرزشی وەك مەرجعی میدیای وەرزشی كوردی پشتی پێ ببەستن.
*نەبوونی كولێژ یاخود پەیمانگا تایبەتی بە میدیا وەرزشی.
*نێوەندەكانی زانستی كوردی، وەك كولێژ وئەكادیمیاكان،بابەتی میدیای وەرزشییان فەرامۆشكردووە،گرنگی ئەم بابەتە نازانن و یاخود پسپۆڕییان نیە بۆ خوێندنی ئەم زانستە.
*خودی میدیاكاری وەرزشی،ناتوانێ خۆی ڕۆشنبیری زانستەكە وخودی خۆی بكات.
*لەپێناو لایك وڤیوو،نە بۆ خەلًكی عەوام ونە بۆ نوخبە كاردەكەن،تەنها بەگوێرەی هزری خۆیان كاردەكەن وبەبێ گوێ پێدان بە هەستی خاوەن هەستەكان.
*پەككەوتن و ئیفلیجبوون و وێرانبوونی لیژنەی وەرزشی.
چارەسەرییەكان : -
*سەرەتا كردنەوەی پەیمانگایەك تایبەت بە میدیای وەرزشی.
*خوێندنی وانەی میدیای وەرزشی لە بەشەكانی راگەیاندن و كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی لە پەیمانگا وكۆلیژەكان.
*كردنەوەی خولی جۆراوجۆری میدیای وەرزشی و كۆنتاكت لەنێوان كوردستان ووڵاتانی جیهان.
*پێكهێنانی گوڵبژێرێك لە میدیاكارانی وەرزشی كوردستان،بۆ دامەزراندنی كۆمەلًَە،لیژنە،رابیتە،هەرناوێًك بێت،گرنگ كەسانی تایبەتمەند و ئەكتیڤ ودوور لە كەسی حزبی بن.
* دامەزراندنی دامەزراوەیەكی تۆڕی میدیای وەرزشی وڵات.
*وڵات بە فەرمی دان بە خودی میدیاكاری وەرزشی وپیشەكەی دابنێت وبە فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بكات.
*بابەتی میدیای وەرزشی ببێتە وانەیەكی زۆرەملێ و گرنگ،هاوشێوەی هەلًمەتی (نەهێشتنی نەخوێندەواری) سەردەمی خۆی بێت،چونكە لەجیهان ئەمڕۆ زانستی میدیای وەرزشی پێوویستیێكی گرنگە.
دوای ئەم هەموو وێرانییە و كەس بەكەس نەبوونە،گەر میللەتانی جیهان زمانی كوردیان بزانی بوایە، دەبوایە ماسك ببەستین ئینجا بە كوردی قسە بەكەین،یانیش دەدراین بە(مەحكەمەی لاهای) بەتۆمەتی زۆر سوحبەت كردن!.
ئیتر بۆ پێشەوە ...............