وتار

چل و یەك ساڵەی نۆبەرە لەباربراوەكە (كاروان وەرزش)!

a47075e8-d530-4fdb-8b35-cf0c6f8c5345.jpeg

ناوەڕۆکی وتار

زاگرۆس نانەكەلی

ئەمڕۆ رێكەوتی 30-7-2025 یادی چل ساڵی تەواو و پەڕینەوە بۆ چل ویەك ساڵەی یادی (كاروانی وەرزش)ە،كەیەكەم ڕۆژنامەی وەرزشی بوو لە ڕۆژی سێ شەممە رێكەوتی 30-7-1985 دەرچوو و كە دوو هەفتە جارێك لە پاشكۆی گۆڤاری كاروان بڵاودەكرایەوە،كاروانی وەرزش ڕۆژنامەیەكی وەرزشی بوو،كە هەرچەند لەسەردەمێكی قورس بە میللەتەكەمان دەردەچوو،بەڵام سێ وەشانی گرنگی هەبوو،یەكەم یەكەم ڕۆژنامەی وەرزشی بوو بڵاوكرایەوە و دووەم دەتوانم بڵێم رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی لەدایكبوو،سێیەم درك بە بوونی میدیاكاری وەرزشی كوردی كرا،بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسی وەرزشی كاغەز.

چلەش لە چلە دەرناكەن،41ساڵەی كاروانی وەرزش ئەو ڕۆژنامە وەرزشییەی لەسەردەمی ڕژێم دەرچوو،كەچی ئێستا لە چل ویەك ساڵەی چلەشی بۆ ناكەن،چونكە خۆیان بەخاوەنی نەزانیوە ونازانن و نایانەوێت خۆیان تووشی شتێك بكەن مێژوو وبێ لایك و كۆمێنت و بێ پارە بێت،بۆیە دەكرێ نەزانن ساڵیادیەتی و نەشزانن شتێك بەناوی كاروانی وەرزش هەیە یان نا!.

كاروانی وەرزش ئەم كۆرپەلەی كە بەبێنازی لەدایكبوو ،بەڵام لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی بێناز،جوانترین دیار و ئومێد بوو بۆ رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی ولەهەمان كاتدا ئاشنابوونی كورد بوو بە میدیای وەرزشی بەگشتی و رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی بەتایبەتی،بەتایبەتی ترش میدیای وەرزشی كاغەزی،چونكە یەكەم و تاكە سەرچاو بوو كە ئێمەش روو لەم بوارەبكەین،هەرچەندە بە وویست و لەژێر ركێفی ئێمەش نەبوو.

راستە كۆت و زنجیری خۆماڵی كرابوو،بەڵام لە نەبوون باشتربوو!،چونكە گەر نەبوایە وئێستا هیچی لێ شین نەدەبوو،بۆیە ئەمڕۆ یادی دەكەینەوە كەواتە بوونی هەبووە،بێگومان لایەنی ئەرێنی ونەرێنی خۆشی هەبوو،نەرێنییەكان كەهەموومان دەزانین لە رووی ئازدای بوو،بەڵام ئەرێنییەكان چەند سوودێكی بۆ میدیاكارانی وەرزشی كوردی و میدیای وەرزشی كوردی و مێژووەكەی هەبوو،لەوانە سەرەتا كاركردن لە رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی،كۆمەڵێك وەرزشكار و نووسەر بوون بە رۆژنامەنووسی وەرزشی و هەروەها توانیان مێژووێك تۆماربكەن كەئەوان پێشەنگن و وەرزشی كوردی چالاكییەكانی دەخەنە سەر ڕووی لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامەیە،هەروەها ناساندنی مێژووی تیپ ویانەكان و وەرزشەكانی كوردی،بگرە مێژووی وەرزشی كوردیش،جگە لە لەدایكبوونی كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی وەرزشی كوردی لەشارو شارۆچكەكانی باشووری كوردستان.

پێتان وانیە ئەمانە هەمووی دەستكەوتی نەبیستراو و نەزاندراون و مێژوو تۆماریكردوون؟ یاخود من زیاتر لەپێوویست باسمكردووە، بەڵام مێژوو و كاروانی وەرزش و كارمەندەكانی وڵامی هەموومان دەدەنەوە،ئەرشیف و دیكۆمێنت وبەڵگەكانی زۆربەی زۆری ماون،بەڵام وەك ساڵیادەكەی كەس نیە (41) مۆم بێنێ وبەم بۆنەیەوە ساڵیادی بێنازی كۆرپەلەكەی رۆژنامەگەری وەرزشی كوردی بكاتەوە،لەبری ئەوەی رۆژنامەیەك تاكە سەرچاوە و نۆبەرەیە بێین یادی بكەینەوە.

من هیچ دڵتەنگ نیم ساڵیادی دەكەنەوە یان نا،یاخود دەیزانن یان نا،یانیش زانیارییان هەیە یان نا،بەڵام ئەوەی زۆر دڵتەنگ و دەمبات بۆ لووتكەی نا ئومێدی،چەند ساڵێكە بەدوای ژمارەكانی كاروانی وەرزشیم،كە بەداخەوە لە كتێبخانەكانی كوردستان،گەر چوار پێنج ژمارە مابێت،كە دەڵێن بۆ هەوێن دەبێت!،كەچی یەك ئومێدم ماوە،ئەویش گەڕانەوە بۆ بەغدا!.

پەلە مەكەن و تورە مەبن،مەبەستم ئەوەیە،تەنها گەر لە كتێبخانەی گشتی بەغدا ژمارەكانی كاروانی وەرزش بدۆزمەوە،بەڵام ئەمە چۆن دەكرێت،ئایا ژمارەكانمان پێ دەدەنەوە سكانی بكەین،یانیش نوسخەیەكی زیادەیان هەبێت؟،یانیش خولەكانی تۆپی پێی جیهان لەڕێگایە،بۆچی سەرمان بەو شتانە بێشێنین!.

پێشانگای میدیا

521019c9-40b8-4ae3-bda0-8d25f7252657.jpeg