وتار

هەڵبژاردن و وەرزشكار و میدیاكاری وەرزشی كوردی

Screenshot 2025-11-03 183634.jpg

ناوەڕۆکی وتار

زاگرۆس نانەكەلی

قازی رەشاد موفتی كۆچكردوو لە مەولودنامە دەڵێ : من وەهام نووسیوە كە كەس قسەی نەبی، منیش ئەوها دەنووسم كە هیچ كەس جیاوازی نەبی، با لەبەركوڵ بڵێین،هەموو كەس ئازادە دەنگ بەكوێ دەدا،ئەمەش كێشەی خۆیەتی، میدیاكاری وەرزشی كوردیش گومان لەوەنیە،هەموو دابەش بوونە بەسەر حیزبەكان،ئەوانەی بێلایەنن هیچیان لەبەر دەست نیە و كەسیش گوێیان بۆ ناگرێت وبگرە حیسابیشیان بۆ ناكەن،ئیتر بەشێكی زۆری بێلایەنەكانیش ناڕاستەوخۆ،خۆیان هەڵواسیوە بە لایەنێك، بۆ ئەوەی لەتكە نانێك و فڕە ماستاوێكی بەركەوێت لە زەمەنی قات وقوری،ئەوانەی هەر لە بیلادی بێلایەنن باوەڕ ناكەم كارتی دەنگدانیان هەبێت و بگرە ناچن دەنگیش بدەن، ئەوە پێی دەڵێن لووتكەی فەرامۆشكردن و بێ ئومێدی.

با بگەڕێنەوە چەند بارەبوونی سیناریۆی هەڵبژاردنەكان بۆ وەرزشوانان و میدیاكارانی وەرزشی، من نازانم بەر لە هەڵبژاردن كێ دەستی كۆت وزنجیر كردبوون لە پێدانی (جێژنانەن، شەكرۆكە،نوقل،بادەم، عانە و عەسەلیات )،گەر ئەمە بەردەوام بێت،بڕوابكەن وەرزشی كوردی و میدیاكاری وەرزشی كوردی دەچێتە نێوەندە نێودەوڵەتییەكان و دەبێتە ژمارە،بەڵام داخەكەم، ئەم هەرایە زۆر كەم دەخایەنێ،كاتێك لە خەو هەڵدەستی دوای (11-11-2025) بە زەبری (ڤالیۆم) خەوت لێكەتووە،دەتەوێ دووبارە بخەویەوە،بەڵام ناتوانی نە بخەوی و هیچیش نەماوە بیخۆی و عانەش نەماوە كۆتایی هاتووە، ئینجا نرخی خۆت بەخۆت دەزانی كە چەند گوناحی،بەڵام داخەكەم وەك (سەتڵ - پەقرەجی) ی رەجەب لە تەمسیلی هەبوو نەبوو، نەخواردن دەمێنێ و نە پارە،ئینجا هەر بڵێ (ماش ماش).

دوای راپەڕین بۆ وەرزش و میدیاكاری وەرزشی كوردی چی كراوە وچ پێشكەوتن روویداوە،ڕاستە بە ژمارە زۆربوون،بەڵام بەدەستكەوت نەخێر،مەبەستم ئەو دەستكەوتانەی لەبۆنە نێودەوڵەتییەكان بە فەرمی بەدەست دێت،نەك بۆنەی نا فەرمی،وەرزشوانە ڕاستەقینە و ئەكادیمییەكان دەزانن چۆن دەخوێنم بۆیان.

بۆیە لەكاتی هەڵبژاردن، رێزلێنان و دیاری و خەڵات و میدالیا و پارە و خواردن و پاقڵاوە و داوەت و داوەتكاری و بەشان وباڵ پیاهەڵدان و سەردان و پێكەنین و قسەی خۆش زۆر دەبێت،كاتێك لەخەو هەڵدەستی دەبێت وەك رەجەبی زەغەل بڵێی : ئەی پەقرەج برسیمە!!!.