وتار

کێ دەرگا داخراوەکەی هەولێر دەکاتەوە؟!

525386564_24563090133299067_406736865941422896_n.jpg

ناوەڕۆکی وتار

·

ئاراس رواندزی

هەڵبژاردنەکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش نەیتوانی باری لاسەنگی هەولێر راست بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی دۆخی یانەکە بەرەو کەناری ئارامی ببات، لە خراپەوە بەرەو خراپتری برد!

دەستەی هەڵبژێردراو کە لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دیموکراسیەوە متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا، هەر زوو کەوتنە بەر لێشاوی دژایەتی و سەنگەریان لێگیرا، دەستلەکارکێشانەوەی دوو ئەندامیش یەکەم هەنگاوی بەرەی دژ بەو دەستەیە بوو!

ئێستا کەمتر لە مانگ و نیوێک بۆ دەستپێکی خولی ئەستێرەکان ماوە، یانەکان هەموویان خەریکی خۆرێکخستنەوەو ئەنجامدانی بۆندی نایابن، کەچی تا ئەم ساتەش دەرگای سەرەکی یانەکە قوفڵدراوە! لە هەمووشی تراژیدیتر ئەوەیە تا ئێستا یانەکە هیچ دەستەیەکی بەڕێوەبردنی نیە، بۆندی راهێنەریش لەو چەند ڕۆژە کۆتایی دێت و یاریزانەکانیش هەر یەکەو بەلایەکدا رۆیشتیە!

من حەز دەکەم راشکاوانە بدوێم و دۆخی ئێستای یانەکە بە رکابەری و ململانێی چەند بەرپرسێکی باڵادەستی حزبی ببەستمەوە، بەداخەوە ساڵانێکە ئەوان بارەگای یانەکەیان کردۆتە مەیدانێک بۆ دەست شکاندنەوەی یەکتر، هەر ئەم هۆکارەش وایکردووە هەموو ئەو دەستانەی پێشوو شکستخواردوو بن، لە هەمووشی سەیرتر هەر ئەو کەسانە بۆ سپیکردنەوەی دەمووچاویان دێنە بەردەم میدیاکان و وەک فریادرەس خۆیان وێنا دەکەن و دەستەی کارگێڕییەکە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە یاخود وازهێنان دەکەن!!!

بۆیە جەماوەری یانەی هەولێر کە بێ هیچ گومانێک ئێوە خاوەنی راستەقینەی یانەکەن، گەر مەبەستتانە دەرگا داخراوەکەی یاریگاکەتان بکەنەوەو رێگایەکی دروست و زانستی دوور لە کێشمە کێشمی تەکەتولچیەکان بنەخشێنن، پێویستە تا زووە هەوڵ بۆ دوورخستنەوە یان لاوازکردنی رۆڵی ئەو کارەکتەرە زیانبەخشانە بدەن، چونکە بەردەوامبوونی ئەوان نەک ئارامی بۆ یانەکە ناگەڕێنێتەوە، بگرە بە دیدی من مەترسین و بەدووری نازانم ئایندەی یانەکە بەرەو تونێلێکی تاریک و دەرگای یانەکەش بەرەو قوفڵدانی یەکجارەکی ببەن!

پێشانگای میدیا

525386564_24563090133299067_406736865941422896_n.jpg