ناوەڕۆکی وتار
زاگرۆس نانەكەلی
هیچ لاتان سەیر نەبێت لەلووتكەی بێ ئیشی بێ بەهرەیی بووبیت بە میدیاكاری وەرزشی،ئاساییە زمانەوانی وئەلف و بێ راگەیاندنیش نەزانی ببیت بە ترێند،كێشەت نیە گەر خوێندەواریەكەت دوكەڵی بكات و پێت بڵێن روخسارێكی تیڤیت هەیە،بۆ مەسەلەی دكتۆرا و پرۆفیسۆریەكەش،بەهۆی ئەو هەموو كێشانەی دەبینین، حەقی خۆمانانە گومانمان هەبێت،عەنتیكەش نیە گەر لاپەڕەیەكی مێژووت نەخوێندبێتەوە و ببیت بە موئەریخ،بەدووریشم نەزانیوە،دڵۆپێك عارەقت نەڕشتبێ ببیت بەرپرسی یەكەم ، چونكە ئەوانەی ئەسستێرە بوون و خزمەتیان كرد،ئێستا یان بێ ئیشە و یان نەخۆشە و یانیش لەهاندەرانە و یانیش ناهێلێن خزمەت بكات بە هەزار ویەك بیانووی قێزەوەن،یانیش لەچایخانەكان لەبەر خۆر رووخساری سووتاوە و بەچای گەرمیش هەناوی سووتاوە، ئەوانەی باسم كرد،تەنها پەیوەندی بە میدیای وەرزشی كوردییەوە هەیە!.
بۆیە میدیاكاری وەرزشی كوردی زۆر لە میوانەكە باشتر دەزانێ بابەتە چییە و بۆچی وا بەسەرهاتووە،كەچی دەیكات بە پرسیار و میوانەكە تووشی كێشە دەكات،زۆرجاران خۆی بەهەر هۆكارێك بێت كێشەكە باس ناكات و ڕووی لەمیوانێك لە ستۆدیۆ ویاخود لە شەقام و یاریگا و هۆڵ دەكات،ئینجا میوانەكە بەهەر هۆكارێكی تر توڕەیە،هەرچی توڕەی خۆی و زانیاری توند و بێ بەڵگە فڕێ دەدات،دواتر سەیری دیمانەكەی خۆی دەكات زۆر پەشیمان دەبێتەوە، ئینجا بۆ گاڵتەجاڕی لە سۆشیال میدیا پێی دەلێن ڕادیۆ بوو!.
ئەم شەڕە بە وەكالەتی میدیاكارانی وەرزشی كوردی زۆر ناشیرین و قێزەوەن و ترسنۆكانەیە،خۆی لەبەر پۆست و كورسیەكەی خۆی،ڕۆكێت لەچاو بچەقێ قسە ناكات،كەچی هەر خۆی دڕك لە چاوی خەڵك ببینێ دەیكات بە هەرا،لەماوەیەش كێشەی وەرزشی زۆر لە كوردستان ڕوویدا،كەچی میدیاكاری وەرزشی بەیانیەكەی دەچێتە لای بەرپرسانی وەرزشی دەڵێت حەق وایە ئێوە وەرزشی كوردستان بەرێوەببەن،لەلایەكی ترەوە هەمان میدیاكار ئێوارەكەی دەچێتە لای هاندەران و شەقامیش هاندەدات ئەو بەرپرسانەی بەیانی لەلایان بوو،ئێوارە لە خەڵكی دەكات بە دوژمن،عەجیب و غەریب و عەجایبە لە وسەردەمی چاوكرانەوە،خۆڵمان لەچاو دەكەن.
كاتژمێر (3) ی بەرەبەیانی لەكوردستانەوە بەئاگان بۆ سەیری یانەی ئینتەرمیامی لە خولی (MLS)ی ئەمەریكا بێ ئەوەی تائێستا بزانن سێ پیتی ( MLS)ی كورتكراوەی چیە!، بەڵام بەڕۆژی ڕووناك بەناوبانگترین یانەی كوردستان ولە گەورەترین ئاستەنگ و گێژاودایە ئەم بەناو (میدیاكار و شرۆڤەكارانە) یەكێكیان نووزەی نایەت،پلانێكی هێوركردنەوە وحەلی لانیە،ئەمە چ ڕەوای حەقە یەكێك نەڕابردوویەكی هەبێت لەتیپێكی میللی شارەكانی كوردستان بەڵام ئەوەندە ڕوو قایم بێت لەكەناڵێكی لۆكەڵیەوە بۆ ماوەی كاتژمێرێك پلان دائەنێت بۆ فێركاری تازەی ڕیال مەدرید بۆ وەرزی نوێ ، یەكێكی تر وەك دەستگێڕی كەناڵەكانی لێ هاتووە هەر ئێوارەیە لە شاشەیەكەوە دەیبینیت خۆی لێ بۆتە پسپۆری تۆپی پێی جیهانی بەڵام هەموو زانیارییەكانیشی ژمارەی تاتۆكانی جەستەی میسی و دیارییە بەنرخەكانی ڕۆنالدۆیە بۆ جۆرجینۆ ، كە لێشی دەپرسیت بۆ دوو ووشەت نیە لەسەر وەرزشی كوردستان ، دەڵێت چونكە لایك و كۆمێنتی تیانیە !، هەیانە لەدوای ڕاپەڕینەوە خۆی هەڵواسیوە بەمیدیای وەرشیدا و ڕۆژانە زیاتر لە دە پۆستی پڕ ڕق و قین بڵاو دەكاتەوە بۆ ووروژاندن و كردنەوەی دەرگا بۆ سووكایەتی و جنێودان ، بەڵام تائێستا 35 ووشەی بەسوودی نەبووە بۆ خزمەت ورزش و وەرزشەوانی كورد ،
لەماوەكانی ڕابردوودا بێژەری یەكێك لە بەرنامە ورزشیەكان لە ( بەغدا)ی پایتەختەوە زۆر بیرتەسكانەوشۆڤێنیانە ووتی كورد ( دڕندەو ئاژەڵن ) ، دەكرا یەك هەفتە تا یەك مانگ ئەم سووپا شرۆڤەكاروبەناو میدیاكارانەی لای خۆمان هەر لەپێناو حەڵاڵ كردنی مووچەكانیان یەك وانەیان بدایە بەو كەسە شۆڤینیە جارێكی تر جورئەت نەكات بێتەوە سەر شاشە،كەچی لە لای ئەم سووپا بە ناو میدیاكارو شرۆڤەكارەی لای خۆمانەوە لە ( گوڵ ) كەمتریان پێ نەوتّ!،تەنانەت ئامادەن كتێبی وەرزشی زمانە بیانیەكان بكەن بەناوی خۆیانەوە لەجیاتی وەرگێڕ خۆیان كردۆتە دانەرو ئامادەكار، میدیاكاری وەرزشی كوردی ،نەیتوانی و بنكۆلًَی ولێكۆڵینەوە بۆ دەستدرێژەكانی فێرگەكان و لەباربردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بكەن و شەڕو ئاژاوەی دوای یاری زاخۆو دهۆك لەبەردەم تێكڕای میدیا عێراقی و عەرەبی و خەریك بوو لەیاریگای نەورۆز كارەسات ڕووبدات !، كەچی خۆی سەرقاڵی هەواڵ و داتای ناراست و بێ سەرچاوە كردووە،تەڕەفگیرییەكەشی لەولاوە بوەستێ،بەلًگەش بێگومان كۆمێنتەكان شاهێدن،كە هەندێك جار دەخوێنمەوە،هێندە قێزەوەنە شەرم لە مرۆڤـ بوون و میدیاكاری وەرزشی خۆم دەكەم.
ئەو جوڵە سەیرانە،كاتی منالًی كە یەكێكیان سونەت دەكرد،دەیان ووت : ئەها ئەو چۆلەكەی،تا ئاگادار نەبێت سونەتی دەكەن،كەچی منداڵەكە دەیزانی چۆلەكەش لەوێ نیە،بەس هەر سەیری بنمیچی ژوورەكەی دەكرد!،بۆیە با تۆزقالێك بەخۆداچوونەوە بكەین،بزانین ئێمە میدیاكاری وەرزشین،یاخود لەگەڵ گورگ گۆشت دەخۆین ولەگەڵ مەڕیش شین دەكەین!.
پێشانگای میدیا
