ناوەڕۆکی وتار
ئاراس رواندزی -
ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عیراق بەرەو کۆتایی دەچێت، پاڵەوان یەکلابۆتەوەو تا ئەندازەیەکیش چارەنووسی ئەو تیپانە بەدیار کەوتووە کە دادەبەزن و ئەوانەشی بۆ پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە سەردەکەون.
دیارە ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم، نە بابەتی پاڵەوانبوونی شوڕتەو نە شەن و کەوکردنی ئاستی هونەری خولەکەو نە ستەمی ناوبژیوانانە، بگرە خاڵێکی بەهێزو جیاوازی یانەی هەولێرە کە سەرنجی راکێشاوم و گەرەکمە تیشکی بخەمە سەر.
روونە ئەمساڵ یانەکەی پایتەخت بە کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی قوڵ، وێستگەو قۆناغە جیاوازەکانی خولەکەی تێپەڕ کرد، هەر یانەیەک لە شوێنی تیپەکەی قەڵاو منارە بووایە، بێ هیچ گومانێک ئەمساڵ چارەنووسی دابەزین دەبوو، بەڵام بابۆی راهێنەر وێڕای لەدەستدانی چەکە بەهێزەکانی کە یاریزانە پیشەگەرەکان بوو، کەچی توانی تیپەکەی تۆکمەتر بکات، هەروەها لە ڕووی ئاست و ئەنجامیشەوە بەرەو پێشتری ببات. باشە چۆن توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ئەم وەرچەرخانە گەورە رووبدات؟! لە کاتێکدا تیپەکە نزیک شەش یاریزانی سەرەکی لەدەستدا! هەر بەڕاست ئەو چەکە کاریگەرە چی بوو کە بابۆ بەکاریهێنا؟!
ئەوەی دوا پێنج یاری هەولێری دیتبێ، هەست بەوە دەکا کە پێکهاتەی زەرد پۆشەکان تا ئەندازەیەکی زۆر کوردانە بوو، لە کۆی یازدە یاریزان بەردەوام هەشت تا نۆ یاریزانی کورد زمان لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوونە، تەواوی ئەو یاریزانانەی کە وەک یەدەگیش بەشداریان پێدەکرا، کوردو خەڵکی هەولێر بوون، ئەم هاوکێشەیە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ئاستی یاریزانانی کورد هیچی لەو بەناو پیشەگەرو یاریزانە عەرەبانە کەمتر نیە کە بەکۆشێک پارە دێن و لە پڕێکیش نامێنن! بردنەوە لە تەڵەبەو جەویەو دهۆک کە سێ یانەی بەهێزی خولەکەن، ئەو راستیەی سەلماند کە یاریزانە کوردەکان هەمیشە باشترو دڵسۆزانەتر لە پێناو یانەکە دەجەنگن، هەرچی هاندەرانیشە زیاتر چێژ دەبینن و زێدەتریش پشتیوانی تیپەکە دەکەن، کاتێک دەبینن گۆڵەکان بە قاچی هەڵۆو مستەفاو سەفین و رەواو شێرکۆ تۆمار دەکرێت، بۆیە دەمەوێ دەستخۆشی لە سەمیر بابۆی راهێنەر بکەم، چونکە ئەو هەنگاوە بوێری زۆری دەویست، هیوادارم بۆ وەرزی داهاتوو یاریزانی دیکەش پەلکێشی تیپەکەی بکات، دڵنیام بە دەوڵەمەندکردنی ئەو پێکهاتەیە لەگەڵ بوونی پێنج پیشەگەری نایاب، یانەکە دەتوانێ رکابەری پاڵەوانبوون بکات.
من نایشارمەوە حەز دەکەم ئەزموونی هەولێر ببێتە وانەیەک و نەورۆزو دهۆک و زاخۆش تاقیبکەنەوە، دیارە ئەو قسەیەم کەمکردنەوە نیە لە گەورەیی ئەو سێ یانەیە، چونکە ئەوانیش بە ئەندازەی هەولێر خۆشەویستن و هیچ کاتێکیش جیاوازیم لە نێوان ئەو چوار یانەیە نەکردووە، لێ مادام نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن، خۆ لایەنی کەم دەبێ مۆرکێکی کوردانەیان پێوە دیار بێ. باشە تۆ تیپەکەی لاوانت هەموو وەرزێ رکابەری جامەکە بکات، بێویژدانی و ستەم نیە ساڵانە سێ تا چوار یاریزانیان بۆ تیپەکەی پێشکەوتووان سەر نەخەیت و دەرفەتیان پێنەدەیت؟!
بۆیە تکاو داوا لە کارگێڕی هەر چوار یانە کوردستانیەکەی بەشدار لە خولی ئەستێرەکان دەکەم کە بە میکانیزم و ستراتیژی بنیاتنانی تیپەکانیاندا بچنەوە، پێویستە لە دەرفەتدان بە گەنج و لاوان نەترسن و متمانەیان پێبدەن، چونکە داهاتووی کوردستان ئەم گەنج و لاوە بەهرەدارانە دەینەخشێنن، نەک یاریزانانی عەرەب!
پێشانگای میدیا
