وتار

ئیتر بەسە مێژووی وەرزشی مەشێوێنن!

fff.jpg

ناوەڕۆکی وتار

زاگرۆس نانەکەلی -

لەرێكەوتی 29-6-2016 ستوونێكم بڵاوكردەوە بەناونیشانی (میدیای وەرزشی مەشێوێنن)، ناتوانم بڵێم بەشی دووەمی ئەم ستوونەیە و ناكرێش بڵێم پەیوەندییان بەیەكەوە نیە،پەیام و ئامانج و وەشانەكانم،سەرەتا بۆ خۆمە و ئینجا هاوپیشەكانم،دواتر بۆ هەموانە بەگشتی، چونكە هیچ جیاوازی لەنێو كەس و شارەكانی وڵات نازانم،جگە لەجیاوازی هزر و بۆچوونەكان نەبێت،ئەمەش لووتكەی ئاسایی بوونە.

ئەوانەی ئەمڕۆ لەنێو میدیاكارانی وەرزشی كوردی روودەدات، جێگای داخ و قبوڵكردن نیە،چونكە تۆ ئازادی چی وچۆن باسی خۆت دەكەی بۆ خۆتە و ئازادی، بەڵام قسەكردن لەسەر كەسانی تر و مێژووی وەرزشی یانەیەك و شارێك و وڵاتێك، ببورە دەبێت سەیری قەبارەی ئێستای پفكراوی خۆت نەكەی،پێوویستە بخوێنیەوە، بپرسی، گوێڕایەڵ بیت، ئینجا بڕیار لەوە بدەین كە جورئەت بكەی وبە ئەمانەتەوە باسی مێژووی كەسێك، یانەیەك، شارێك و وەرزشكارێك، بابەتێكی شێواندراوی مێژووی وەرزشی بكەیت، چونكە ئەمانەتە،رەوشتە،بەرپرسیاریەتییە، مێژووە، ویژدانە، ئینجا ئیتك و زانست و هزرە كە بەكاری دێنی.

كاتێك قسە لەسەر بابەت و كەس ویانە و وەرزشێك دەكەی، تۆ دەتەوێت بیربكەیەوە ئەرشیفت دەوڵەمەند دەبێت وكارێكی پڕۆفیشناڵت كردووە، ئەوا تۆزێك بە عەقڵانە سەیری خۆت بكە، بزانە چیت كردووە و چۆن هێز و هزر و هەستی خۆت بەكارهێناوە، بیربكەوە بزانە تۆ لە هاوكێشەكە وەك نرخی سین وونی!،چونكە دەتەوێت خۆت بخەیتە نرخی سینی وونبووی خۆت بدۆزیەوە و نمایش بكەی و چەپڵەت بۆ لێدەن و بەشان وباڵی شكاوت هەڵبدەن.

تۆزقاڵێك هزری خۆت بەكاربێنە،كە دێتە سەرشاشە ویاخود لە رادیۆیەك قسە دەكەی،یانیش بۆ ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤار و پەیجەكان باس لە بابەتێكی وەرزشی یاخود میدیای وەرزشی دەكەی،دەبێت زۆر باش بزانی كە خەڵكانێك ئاگادارن وسەیر دەكەن ویاخود دەخوێنەوە و یاخود گوێگرن، پسپۆڕییان لەو بابەتە هەیە كە تۆ قسەی لەسەر دەكەی، هەرچەند لە دەزگایەكی زەبەلاح كار بكەی ویاخود میوان بیت، گەر پێگە و هزری خۆت نەزانی،ئەوا تۆ وەك كەفی سەر ئاو دەچیتە ریزی وونبووەكان،چونكە نە خۆت و نە مێژووت دەمێنێتەوە.

نابێت وناشكرێ هەردەم لە بۆسە دانیشی بۆ لێدان و توانج لە هاوپیشەكانت و خۆشت زوڕنای سەركەوتنی شكستخواردووی خۆت پێمان بفرۆشیەوە، وەك بڵێی خەڵك گوێی گا خەوتووە، چونكە ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت،نابێت بەرد هاوێژبێت،ئێمە هەموومان مرۆڤین وهەڵەش دەكەین، بەڵام چارەسەكردن و پاڵپشتی كردنی یەكترلەبن بڕكردنی هەڵەكان،لوتكەی ڕەوشت بەرزییە.

ئێستای سەردەمی جیهانگیری،لە زۆربوونی لافاو و پرۆفیسۆر و دكتۆرا و ماستەر دووجار خنكاوین، جارێك بە بارانی بەلێزمەی بێ چەتر، جارێكی تریش بە بەربڵاوی بروانامە زەبەلاحەكان و وێرانی بوونی سێكتەری وەرزشی وڵات،بۆیە ئاو و بروانامە وەك یەكن، بە زۆر و كەمبوونیان وێرانی هزر و جەستەیە،با بەس بێت و یەكترمان وپیشەكەمان خۆش بوێت.

پێشانگای میدیا

fff.jpg